وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تاوەکو رۆژی یەکشەممە نزیکەی 5 ملیۆن منداڵ کوتانیان دژی سورێژە بۆ کراوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، “هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە کە لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە دەستیپێکردووە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و لە شەشەمین رۆژی هەڵمەتەکەدا ژمارەی ئەو منداڵانەی کوتانیان بۆ کراوە گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 800 هەزار منداڵ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەڵمەتەکە تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئامانجمان ئەوەیە زیاتر لە حەوت ملیۆن منداڵ لەم پڕۆسەیە سوودمەندبن و کوتانیان بۆ بکرێت”.
ئەو وتەبێژە داوای لە سەرجەم دایک و باوکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، ”بەدەم هەڵمەتەکەوە بچن بە ئامانجی کوتانی منداڵان دژی نەخۆشی سورێژە، هاوکات ئەو ڤاکسینانە لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراون و سەلامەت و کاریگەرن و لە سەرچاوە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکانەوەن وەرگیراون”.