سالار مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کۆتایی بە ساختەکاریی هێنراوە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە هەشتەمین دیداری سلێمانی، ئەوەی خستەڕوو، ”سەرۆکایەتیی هەرێم بڕیاریداوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و کۆمسیۆنیش ئامادەکاریی کردووە و پێویستە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هاوکات پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی داهاتوو بەجۆرێکە کۆتایی بە ساختەکاریی هێناوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ”پەرلەمان دایکی هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە و نابێت لە گرنگی پەرلەمان کەمبکرێتەوە و حزب یاخود کەسێک رێگربێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەگەر لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت ئەگەر هەیە بڕیارێکی نەخوازراو لە دژی هاوڵاتییانی هەرێم بدرێت و مەترسیش بۆسەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات”.
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکوک، سالار مەحمود، دەڵێت، ”یەکێتی زۆرترین دەنگ و کورسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هێناوە، پێویستە لایەنەکانی دیکە لەبری دانیشتن و رێککەوتن لەگەڵ عەرەب و تورکمان بێن لەگەڵ یەکێتی هاوبەشی بکەن چونکە ئێمە دەبێت بەیەکەوە بین لە پێکهێنانی حکومەتدا”.