عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و توانیمان ئەمساڵی خوێندن لە فەوتان رزگاربکەین.
عومەر محەمەد ئەمین بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمساڵ وەک ئاگادارن بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک دەوامی خوێندنگەکان لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین راوەستا، بەڵام دواتر کە دۆخەکە ئاسایی بووەوە بەپێی ئەو پلانەی داماننا توانیمان دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەینەوە و دەتوانین بڵێین پلانەکەمان سەرکەوتوو بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە ئەمساڵی خوێندن ناتوانین بڵێین تەواو سەرکەوتوو و بێ کێشە بوو، دەکرێت بڵێین توانیمان ئەمساڵی خوێندنی خوێندکارانمان لە فەوتان رزگار بکەین، چونکە هێندەی نەمابوو ئەمساڵی خوێندن لەدەستبچێت.