قوباد تاڵەبانی: دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەشتیاریی بەنداوی باوە شاسوار دەكرێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، سەردانی قائیمقامییەتی كفری كرد و لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی ئیداریی قەزاكە كۆبووەوە و دواتر سەردانی بەنداوی باوەشاسواری كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەكشەمە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە ساهر عەلی جاسم وەك قائیمقامی نوێی كفری كرد و پاشان باس لە كێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ناوچەكەكرا و بڕیاردرا چەند پڕۆژەیەك لە سنوورەكە بە تایبەت لە بواری رێگاوباندا جێبەجێبكرێن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداریی قەزاكە كرد هەموو جۆرە كارئاسانییەك بكەن بۆ باشتر خزمەتكردن و جێبەجێكردنی داواكاریی هاوڵاتییان و شیوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتربكرێت.

لە دوای كۆبوونەوەكە، جێگری سەرۆك وەزیران بە یاوەریی ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری كرد.

لە سەردانەكەدا تاوتوێی رێكارەكان و چۆنییەتی دروستكردنی ناوچەیەكی گەشتیاری لەسەر بەنداوەكەكرا و داوایكرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوكاریی ئیدارەی گەرمیان لە نزیكترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاریی بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە و راشیگەیاند كە ریكارە یاسایی و كارگێڕییەكانی ئەم پڕۆژەیە بە زووترین كات تەواودەبن كە چەندین هەلی كار دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوریی دەڤەرەكە.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتيی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی لە کفری کردەوە

بابەتی دواتر

بانکێکی حکومیی عێراق پێشینە بە فەرمانبەران دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share