لە یادی 19 ساڵەی هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری عێراق لە نەتەوەی کورد، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ”هەمووان شایەتی دەدەن لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەبێ جیاوازی خەمخۆری هەمووان بوو”.
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوە کرد، ” 19 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار لە عێراقدا سەرۆکێک دەستبەکاربوو کە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی عێراقی لەسەر بوو و ئەزمونی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی هەبوو لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردا”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ”هەمووان شایەتی دەدەن کە لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەبێ جیاوازی، پارێزەری مافی هەموو پێکهاتەکان و مافی هەموو هاوڵاتییان بوو، خەمخۆری هەمووان و کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان بوو”.
دەشڵێت، ”هەرێم و عێراق لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە عەقڵییەتی كۆكەرەوە و یەكڕیزی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاكسازییە کە ئەوکات سەرۆک مام جەلال بەرجەستەی کردبوو”.