د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیكرد لە ژمارەیەك سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و دۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كران.
لە سەرەتای دیدارەكەدا، كە ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار بەخێرهاتنی لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كرد و بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە پیرۆزباییان لە یەكتركرد.
لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكان لەپێناو بەردەوامبون و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری و كاری هاوبەش لە هەموو بوارەكان تا ببێتەمایەی باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵات، هەروەها ئاماژەی بە پێویستی پەلەكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران كرد بۆئەوەی ئەنجومەنەكە بەردەوامبێت لە كاری یاسادانان و چاودێری.
سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە، بابەتەكانی خزمەتگوزاری و باشتركردنی ئاستی بژێویی هاوڵاتییان لە پێشینەی كارەكانن، هەروەك جەختیكردەوە لە گرنگی یەكخستنی هەوڵەكانی سەرجەم دەسەڵاتەكان و دامەزراوەكانی حكومەت بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.