قوباد تاڵەبانی داوادەكات هەموو لایەنەکان هەستیاریی قۆناغەکە و گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەبەرچاوبگرن و جەختیش لە چارەسەركردنی كێشەی مووچە لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەكاتەوە.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە (31ی ئازاری 2024) بەڕێوەچوو و دلێر سەید مەجید ئامادەیبوو، تاوتوێی دۆخی ئێستای یەکێتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی، هەڵسەنگاندن بۆ رێکخستنەوە و گۆڕانکارییەکانی ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی بەپێی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم کرا و پەرۆشی و هەستی بەپرسیارێتی بەرپرسان و کادرانی یەکێتی لە هەموو رێکخستن و ئۆرگانەکاندا بۆ خۆنوێکردنەوە و باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەرزنرخێندرا، بە جۆرێک کە ئەو تەبایی و یەکڕیزییەی ئێستای ناو ریزەکانی یەکێتی هەیە، پێویستە زیاتر پەرەیپێبدرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە یەکێتی هەموو ئامادەکارییەکی کردوە بۆ هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەشدا یەکێتی جەخت لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکاتەوە کە هەم لەلایەن خەڵک و هەم لەلایەن چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە شایەدی لەسەر پاکی و بێگەردییەکەی بدرێت.
لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال هیواشیخواست هەموو لایەنەکان هەستیاریی قۆناغەکە و گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەبەرچاوبگرن و دواکەوتنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە هەرێم دەگەیەنێت.
دواتر باسی پرسی مووچە کرا و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی.