ماوەكەی درێژدەكرێتەوە؟
ئەمڕۆ وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانی هەڵبژاردن كۆتایی دێت

وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانی هەڵبژاردنی بڕیاردراوی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ كۆتایی دێت، وتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێت، تائێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ جارێكی دیكە درێژكردنەوەی وادەكە.

پێنجشەممەی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بەو کەس و لایەنانەی دەیانەوێت بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی سەربەخۆ و لیست و هاوپەیمانێتییەکان تا کۆتایی دەوامی رۆژی یەکشەممە 31ی مانگی ئازار درێژکرایەوە.

ئەوەش لەكاتێكدابوو رۆژی پێنجشەممە 28ی ئازار وەك دوا وادەی گەڕاندنەوەی فۆڕمی کاندیدانی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بوو.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تائێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیدان.

وتیشی، “بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران تا كۆتایی هاتنی ماوەی دەوام لە كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوی كاندیدان وەردەگیرێت”.

جومانە ئەوەشی روونكردەوە، تائێستا دوو هاوپەیمانێتی و چوار لایەنی سیاسی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەشكردووە، جگە لەو كاندیدە سەربەخۆیانەی لە شارە جیاجیاكانی هەرێم ناویان تۆماركردووە.

بەڵام تائێستا هیچ كام لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی كاندیدەكانیان رادەستی كۆمسیۆن نەكردووە.

پێشتر یەكێتی لە زاری وتەبێژەكەیەوە ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دووپاتكردەوە و ئاشكراشیكرد، لیستی ناوی كاندیدەكانیان ئامادەیە، بەڵام پارتی تائێستا ئامادەنییە ناوی كاندیدەكانی پێشكەش بكات و كشانەوەی خۆی لە پرۆسەكە راگەیاندووە.

لەو بارەیەوەیە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، “هەڵوێستی کشانەوە لە هەڵبژاردن کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە ناکات، ئەو هەڵوێستە جێگای سەرسوڕمانە و ئێمە هەرگیز داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان نەکردووە، وەکو یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، هاوکات بەشداریکردن و نەکردنی لایەنێک پرسی گرنگی ژمارە یەک نییە، ئەوەی ئێستا گرنگە و داخوازی ژمارە یەکی یەکێتییە مووچەیە”.

دەشڵێت، “هەموو توانایەک بەکاردەهێنین کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت چونکە ئەو بۆشاییە یاساییەی هەیە کێشە سەرەکیەکەیە لەگەڵ بەغداد، هەرێمی کوردستان بە بەغداد بچووک ناکرێتەوە بەڵکو بە جیانەکردنەوەی حزب لە حکومەت بچووک دەبێتەوە”.

بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

سبەی لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی رەسمییە

بابەتی دواتر

لە مانگی رەمەزاندا بەم رێگایانە خۆت لە بۆنی ناخۆشی ناودەم رزگاربکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share