لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەكێتی هەڵگری پەیامێكی رۆشن و ستراتیژیەتێكی نەگۆڕە كە لە مۆسکۆ بێت، یان لە ئەمریكا، لە ئێران بێت یان لە توركیا، لە وڵاتێكی عەرەبی بێت یان وڵاتێكی ئەوروپی هەمان سیاسەت و پەیامی هەیە كە بریتییە لەوەی یەكێتی هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و سەقامگیریی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدادە لەڕێی دانوستان و پشت بەستن بە دەستوری عێراقی و رێككەوتننامەكان و تەوافوقی سیاسی.
لەتیف نێروەیی باسیلەوەکرد، دەكرێت ئەمساڵ بە ساڵی بەهێزبوونی جووڵە و وەرچەرخانە دیپلۆماسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناوی بنێین، چونكە لەم ساڵەدا لەسەر ئاستی عێراقی، هەرێمی، نێودەوڵەتی، یەكێتی جووڵەیەكی فراوان و كاریگەری دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینیوە و بازنەی دیپلۆماسییەتەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پانتاییەكی فراوانتر و كاریگەرتری بەخۆیەوە بینیووە.
ئاشکراشیکرد، بەهێزبوونی جوڵەی دیپلۆماسییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ئەمساڵ هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لە هەولێری پایتەخت یان لە سلێمانی سەردانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیان كردووە و لەلایەن سەرۆك بافڵ تاڵەبانی یان لەلایەن هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پێشوازیان لێكراوە. هەروەك ئەمساڵ لە بەغدادی پایتەختی عێراقیش جوڵەی دیپلۆماسییەتی یەكێتی سەرنجی میدیا و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیران و شەقامی كوردستانی و عێراقی راكێشاوە.
لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە یەكێتی بە دەستی هێناوە، وا چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا، متمانەی جەماوەری كوردستان بەدەستبهێنێت و سەركەوتنێكی دیكە تۆمار بكات، یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئیدی یەكێتی دەستكراوەتر دەبێت لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی هەرێمی لەڕێی دانوستان و هێنانە كایەی دۆخێكی ئارام و سەقامگیرییەكی (سیاسی، ئیداری، ئابوری، ئەمنی) لە ناوچەكە و باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتییان.
جەختیشیلەوەکردەوە، وڵاتە زلهێزەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە بەهۆی سنوورداربوونی دەسەڵاتی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیووە و ئەمەش لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا نییە و یەكێتییەكی بەهێز دەتوانێت كۆتایی بەو ئاڵەنگاری و كێشانە بێنێت.