پۆلیسی واشنتن ئاشكرایكردووە، چوار كەس بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەردەم كۆنگرێس گیانیان لەدەستداوە.
پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 6ی كانونی دووەم هەزاران كەس لە لایەنگرانی ترەمپ لە بەردەم تەلاری كۆنگرێس خۆپیشاندانیان سازكرد، دواتر ژمارەیەك خۆپیشاندەر بە نایاسایی چوونە ناو كۆنگرێسەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا لەسەر خۆپیشاندانەكە، ڕۆبێرت جی كۆنتی، سەرۆكی پۆلیسی وانشتنی پایتەختی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “چوار كەس بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە شەوی ڕابردوو گیانیان لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پاش ئەوەی ژمارەیەك لەلایەنگرانی ترەمپ هەڵیانكوتاوەتە سەر بینای كۆنگرێس، پۆلیس 52 كەسی دەستگیركردووە.
یەكێك لەو كەسانەی گیانی لەدەستداوە ژنێكە و پۆلیس شەوی ڕابردوو ئاشكرایكرد، ئەو ژنە بە گولەی ئەندامێكی پۆلیس كە بۆ پارێزگاری لە كۆنگرێس تەقەی كردووە كوژراوە.
ئەمریكا.. لایەنگرانی ترەمپ چوونە ناو كۆنگرێس و شەڕ دروستبوو
دوێنێ چوارشەممە، ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چوونە ناو باڵەخانە و هۆڵی کۆنگرێسی ئەمریكا و شەڕ و توندوتیژی لەنێوان پۆلیس و لایەنگرانی ترەمپ-دا دروستبوو، بۆ ڕێگریكردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتر، پۆلیس باڵەخانەكەی داخست.
لای خۆیەوە نانسی بیلوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوایكرد خۆپیشاندەران شوێنەكە بەجێبهێڵن و پۆلیس بە تەواوەتیی دایبخات، بەڵام لایەنگرانی ترەمپ لە ئێستادا كۆنگرێس-یان كۆنترۆڵكردووە.
لەگەڵ زیاتر بڵاوبوونەوەی لایەنگرانی ترەمپ و ئاڵۆزتربوونی دۆخەكەدا، شارەداری واشنتن قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بۆ ماوەی 12 كاتژمێر ڕاگەیاند.
هۆكاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لایەنگرانی ترەمپ ئەوەیە، قایل نین بە بوونی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا پێیانوایە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كراوە و دەیانەوێت ترەمپ لە سەرۆكایەتیدا بمێنێتەوە.
هەرچەندە بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە، کۆنگرێس كۆبوونەوەكەی هەڵپەساردبوو، بەڵام پاش چەند كاتژمێرێك كۆبوونەوەكە دەستیپێكرایەوە كە تایبەتە بە پەسەندكردنی ئەنجامی دەنگەکانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا.