کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نوێی بارانبارین روو لە هەرێم دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، لە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە ئەنجامى کاریگەریی دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوی عەرەبی شەپۆلێکى بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێمدا هاتووە، دواى نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامى کاریگەریى دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوی عەرەبی شەپۆلێکى بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکاتەوە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە سەرەتا لە ناوچەکانى باشوورى هەرێم دەست پێدەکات، لە ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و باشوورى پارێزگاى سلێمانى بارانبارینی بەخوڕ و هەورە بروسکە بەخۆیەوە دەبینن، کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا کاتەکانى بەرەبەیانى رۆژى دووشەممە بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى راپەڕین و سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ بارانبارین کەمتر دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکان و لووتکەى شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت.

ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامى گاریگەریى بارستە هەوایەکى سارد پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە و ئەگەرى تەرزە بارین لە کاتەکانى بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لە هەندێک ناوچە هەیە، لە دواینیوەڕۆ بارانبارین کۆتاییدێت و کەش دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.

بابەتی پێشتر

بانكی ناوەندی: جیاوازیی نێوان نرخی رەسمیی دۆلار لەگەڵ بازاڕدا كەمدەكەینەوە

بابەتی دواتر

لە سلێمانی یادی رۆژی جیهانیی شانۆ دەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share