کاوێز مەلا پەروێز: دەستەواژەی کەرکوکی داگیرکراو ساویلکەیی سیاسییە

لێپرسراوی پێشووی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک دەڵێت، ئەوانەی لە 16 ی ئۆکتۆبەر کەرکوکیان چۆڵکرد کەسانی ترسنۆک بوون و دەستەواژەی کەرکوکی داگیرکراو ساویلکەیی سیاسیی دەردەخات.

کاوێز مەلا پەروێز لێپرسراوی پێشووی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، “دەستەواژەی کەرکوکی داگیرکراو قورس لەسەر پارتی دەکەوێت و ئەگەر کەرکوک داگیرکراوە، نابێت بەشداریی پرۆسەی سیاسی ئەو شارەش بکەیت، چونکە پرسیار لەسەر ئەقڵی سیاسی ئێمە دروستدەکات”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەر کەرکوکیان چۆڵکرد کەسانی ترسنۆک بوون و ئەو کەسانەی لەو شارە مانەوە کەسانی قارەمان بوون، دەمانتوانی رۆڵی کاریگەرمان هەبێت بەڵام نەمانکرد”.

لێپرسراوی پێشووی راگەیاندنی پارتی لە کەرکوک دەشڵێت، “ئێستا ئێمە شەڕی بارەگایەک دەکەین، ئەگەر بارەگاش وەرگرینەوە دڵنیام ئەو جوامێرانەی پارتی شەوێک لە کەرکوک نامێننەوە”.

سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کەرکوک و لیستی بەشداری پارتی لە هەڵبژاردنەکان کاوێز مەلا پەروێز دەڵێت، “کە سەیری کاندیدەکان دەکەم بەزەییم بە خەباتی باوکمدا دێتەوە و بەم لیستەی ئێستا ناتوانین کێبڕکێی نەوەی نوێش بکەین”.

 

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایان: خۆڕاگربن

بابەتی دواتر

سێ کرێکار لە کاتی کارکردن لە هەولێر کارەبا دەیانگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share