لە وتارێکیدا ستران عەبدوڵا دەڵێت، “نە تەخوین، نە تەهوین و نە تەوهین، نابنە ئەلتەرناتیڤی تەوتین، خەڵک لەو سەری دێتەوە”.
ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا بە ناوی (خەڵک لەوسەری دێتەوە) ئاماژە بەوە دەکات، “سەد پێچە بە دەورە بکەن و دوژمنی وەهمی دروست بکەن و ناو و ناتۆرەی زبر دابتاشن، خەڵک هەم مووچەی دەوێت، هەم هەڵبژارد، هەم نانی گەرەکە و هەمیش ئازادی، یانی وەکو دروشمەکەی سەرۆک مام جەلال (نان و ئازادی)، جاران بۆ نووسەران و ئەدیبان بوو، ئێستا بۆ هەمووان پێویستە”.
دەشڵێت، “وێڕای قوربانی و سەبری ئەیوب، گەلەکەمان هۆشیارە و هیچ مافێکی ناخاتە بری ئەوی دیکەیان، هەردوکیان، بگرە هەموویانی پێکەوە دەوێت”.
لە بەشێکی دیکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، “جاران خەڵک، بە شێنەیی و لە دۆخی ئاسایی ژیان، دەیتوانی پۆلینکردنیان یان قۆناغبەندکردنیان قبوڵ بکات و لێی تێبگات، یان چاوپۆشی لە پاش و پێشکردن و کاڵوکرچییەکەی بکات، بەڵام ئێستا مادام تێکەڵکردنی کاغەزەکان وای لێهات کات و رەنجی زۆر بە خەسار بچێت، ئیدی کۆمەڵانی خەڵک کاتی زۆریان نەماوە، هەمویان هەموومافەکانیان پێکەوە دەوێت”.
لە کۆتایشدا دەڵێت، “نە تەخوین، نە تەهوین و نە تەوهین، نابنە ئەلتەرناتیڤی تەوتین، خەڵک لەو سەری دێتەوە”.