پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە بە فێڵ بڕی 40 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو

پۆلیسی سلێمانی، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بە فێڵ بڕی 40 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە تۆمەتبارێک فێڵی لێکردووە و بە پاساوی ئەوەی خۆی و خێزانەکەی دەبات بۆ دەرەوەی وڵات بڕی 40 هەزار (چوار دەفتەر) دۆلاری لێ وەرگرتووەو دواتر تۆمەتبار خۆی ونکردووە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار توانییان شوێنی تۆمەتبار بدۆزنەوە و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەرین لەقەزای رانیە دەستگیریانکرد.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەوەدانا کە بەو پارەیەی لەسکاڵاکاری سەندووە، ئۆتۆمبێلێک و دەمانچەیەکی کڕیوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە توانرا دەستبەسەر ئۆتۆمبێل و دەمانچەکە و بڕی ماوەی پارەکەدا بگیرێت، لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، س) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادان راگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

 

 

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە

بابەتی دواتر

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share