دوای نیوەڕۆ بارانی بەهێز دەبارێت و دروستبوونی لافاو ئەگەرێکی بەهێز دەبێت

لوقمان حەوێز، گەردونناس و ئەندامی کۆمەڵەی گەردونناسی تەکساس دەڵێت، “بە گوێرەی لێکدانەوەکان و پێشهاتەکان بەپێی ئەو داتایانەی دەستم کەوتوون، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بارانی بەهێز دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت لەناوچە جیاوازەکانی هەرێم.”

لوقمان حەوێز ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق ئێستا لەبەرزبونەوەیە، ئەمەش ناسەقامگیرییەکی زۆر دروست دەکات دوای چەند کاتژمێرێکی کەمی تر لە کەشی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق بە گشتی و دواتر ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش.

باسی لەوەشکردووە، ناسەقامگیرییەکە بەهۆی مانەوەی سەنتەری نزمە پاڵەپەستۆکە لە ئێستادا لەو شوێنە و بەهۆی هاتنی بڕێکی زۆر لە شێی دەریای سور و بەرکەوتنی بە هەوای سارد کە لە دەریای سپی ناوەڕاست و لە باکوورەوە دێت و لەسەر ناوەڕاستی عێراق و ناوچەکانی باشووری کوردستان هەردوو تۆپەڵە هەوا بەیەکتری دەگەن.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەو ناسەقامگیرییە دەبێتە هۆی دروستبوونی دابارینی مامناوەندی لە زۆربەی شوێنەکان و دابارینی و بەخوڕ و بەلێزمەش لە هەندێک ناوچە بەتایبەتی لە دوای نیوەڕۆ تاوەکو درەنگانی ئەمشەو لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان سەرەتا لە هەولێر و کەرکوک و دهۆک و زاخۆ دواتر دەگاتە ناوچەکانی گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی و لەوێ و لە ناوچە سنووریەکانیش و بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان دابارینەکان بەهێزتر دەبن.

گەردونناسە کوردەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە هەندێک شوێن لەوانەیە دابارینەکان تەرزە و بروسکە و هەورە تریشقەی زۆریشی لەگەڵدا بێت و ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپەر سێڵیش لەئارادایە و لەو شوێنانەی دروست دەبن دابارین بەهێزتردەبێت، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە چەمەکان و نزیک رووبارەکان و شوێنە نزمەکان ئەگەرێکی بەهێزە بەتایبەتی لە دوای نیوەڕۆوە تا بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە.

 

بابەتی پێشتر

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو لە هەڵەبجە زیاتر لە 41 ملم باران باریوە

بابەتی دواتر

بەرگریی شارستانیی دهۆک: بۆ کاری پێویست نەبێت مەچنە دەرەوەی ماڵەکانتان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share