وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، ئەو شەوەی ئاگر لە بازاڕی لەنگە لە هەولێر کەوتەوە نزیکەی 500 پەیوەندی تەلەفۆنییان لەلایەن هاوڵاتییانەوە پێوەکراوە.
کاروان میراودەرلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، ئەو ئاگرەی لە رابردوودا لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە ئاگرێکی گەورەبوو، بەڵام بە هاوکاریی تیمەکانمان توانیمان بە ماوەی دوو کاتژمێر و 45 خولەک بەشێوەیەکی تەواوەتی کۆنتڕۆڵی بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قسانە راستنین کە باسلەوەدەکەن رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر زیادیانکردووە، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ئاستێکی ئاساییدان.
وتیشی، ئێمەش وەک هەر فەرمانگەیەکی دیکەی کێشە و گرفت و کەموکورتیمان هەیە، بەڵام دەمانەوێت لەمەودوا کارێکی زیاتر لە بواری بەرگریی شارستانیی بکەین و ئەو کەموکورتیانەی هەمانە پڕیبکەینەوە.