میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردەوە، چەندین دامەزراوەی حکومی لە فەرەنسا رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی چڕ بوونەتەوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی فەرەنساوە لە لێدوانێکیدا بۆ بی ئێف ئێم رایگەیاندووە، لە رۆژی یەکشەممەوە زۆرێک لە دامەزراوە حکومییەکان رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە بەشێوەیەکی چڕ.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێرشەکە زۆرێک لە خزمەتگوزارییە وەزارییەکانی کردووەتە ئامانج و تیمێکی فریاگوزاری پێکهێنراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دڵنیابوون لە بەردەوامی کارکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا توانراوە کاریگەریی هێرشەکان کەم بکرێتەوە و ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییە حکومییەکان و ئیدارەی دیجیتاڵی حکومەت و دەزگای نیشتمانی بۆ ئاسایشی سیستەمی زانیاری بەردەوامن لە هەوڵەکانیان تا کۆتایی هاتنی هێرشەکان.