بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە و رێگەنادەین بە هیچ بیانوویەك و لەژێر هیچ ناوێكدا مافەكانیان زەوت بكرێت.”

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 8ی مارس بڵاویکردەوە، رۆژی جیهانیی ژنان لە سەرجەم ژنانی كورد پیرۆزدەکات و دەڵێت،  “بەتایبەتی لە قووڵایی دڵمانەوە سڵاوی خۆشەویستی و وەفاداری بۆ دایكانی شەهیدان دەنێرین و سوپاسی لەخۆبوردوویی و خۆڕاگرییان دەكەین.”

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، مێژووی ژنانی كوردستان لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەكانی گەلی كورددا هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، كە بۆ هەمیشە بە پێزانین و قەرزاربارییەوە لەئاست گەورەیی و خۆڕاگرییاندا سەری رێزمان دادەنەوێنین و بەشانازییەوە یادیان دەكەینەوە.

باس لەوەش دەکات، ژنانی كورد ئازا و رەچەشكێن بوون لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادی، قوربانیی زۆریان بەخشیووە لەپێناو یەكسانیی كۆمەڵایەتی و وەستانەوە دژی جیاكاریی رەگەزی، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە رۆڵێكی كاریگەر لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەشداریی فراوانیان هەیە لە ناوەندەكانی بڕیاردا.

دەشڵێت، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ژنان بووە و شانازیشی پێوەدەكات، لە رابردوودا چۆن پارێزەر و بەدیهێنەری مافەكانیان بووە، لەداهاتووشدا زیاتر جەختیلێدەكەینەوە و دەرگای حزب و ئۆرگانەكانمان بەڕوویاندا دەكەینەوە تاوەكو رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداریی چالاكانەیان لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا هەبێت.”

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جەختدەکاتەوە، “بەڵێنمان داوە و جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە، دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە و رێگەنادەین بە هیچ بیانوویەك و لەژێر هیچ ناوێكدا مافەكانیان زەوت بكرێت.”

 

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: بەبێ بەشداری ژن، ئازادی و یەكسانی و گەشەسەندنی سیاسی و ئابوری بەدی نایەت

بابەتی دواتر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: فایلی گەندەڵی رادەگەیەنین کە کەسایەتیی گەورە دەستیان تێیدا هەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

زۆرترین باران لە كوێ باریووە؟

كەشناسیی هەرێم بڕی بارانبارینی 24 كاتژمێری رابردووی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆكی بڵاوكردەوە. بەپێی ئامارەكە زۆرترین…
Total
0
Share