ئەمڕۆ 5ی ئازار، 33 ساڵ بەسەر دەستپێکی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەسەر دەسەڵاتی رژێمی پێشووی عێراقدا تێپەڕی.
5ی ئازاری ساڵی 1991 رۆژێکی لەبیرنەکراوە چ لە مێژووی رانیەییەکان و چ لە مێژووی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستانیش، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی یەکەم بڵێسەی ئاگری توڕەیی خەڵک بەرەو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی زاڵم و زۆردار، تەشەنەی سەند.
لەو رۆژەدا و لە شاری رانیە لە کاتژمێر نۆی بەیانیدا خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر یەکە سەربازی و حکومییەکانی رژێم و تا کاتژمێر سێی عەسر شارەکەیان لە چەکدارانی رژێم پاککردەوە و دواتریش ناوچەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنە و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران.
یەک لە دوای یەک و رۆژ دوای رۆژ ناوچەکانی دیکەی گرتەوە تا رۆژی نەورۆزی 1991 هەموو هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە.
ئەم راپەڕینە خاوەنی دەنگی راستەقینەی ھەموو گەلی کوردستان بوو بەھۆی زوڵم و ستەمەوە بێدەنگییان شکاند، راپەڕین بێ وەستان و سڵەمینەوە هەرچی تووڕەیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو رژاندییە سەر شەقام و راپەڕین دەرکردنی هێزەکانی بەعسی لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و دروستبوونی دەسەڵاتی کوردی لێکەوتەوە و رووداوەکانی دواتریش بوونە هۆی ئەوەی وڵاتانی جیهان کۆمەڵێک پارێزراویی بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن.