سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری رافیدەین رایگەیاند، عێراق پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و ئێمە وەک گەلی کورد شانازی دەکەین بە مێژووی خۆمانەوە لە عێراق.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “من نازانم بۆچی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە بەڵام پێموایە واشنتۆن هۆکاری خۆی هەیە و سەرەڕای ئەوەش پێویستیە ئەو هێزانە لە عێراق بمێننەوە”.
دەشڵێت، “لە ساڵانی رابردوودا هەڵبژاردنێکی نادادپەروەرانە لە کوردستان ئەنجامدار، سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە تەنها پەیوەست نییە بە کوردستانەوە بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە پێویستە”.
سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیی حزبەکەی لەگەڵ تورکیادا ئاماژەی بەوە کرد، “ئێمە تورکیا بە دوژمنی خۆمان نازانین و دەبێت ئەوانیش هەمان کار بکەن بەڵام هیچ پاشەکشەیەکیش لە داواکانمان ناکەین چونکە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی کوردستانەوە هەیە و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەموو کات ئامادەی دانوستان و گفتوگۆیە”.
جەختیلەوەش کردەوە، “کەسانێک هەن دەیانەوێت لۆمە و گلەی لەوانی دیکە بکەن بەڵام ئێمە وەک گەلی کورد شانازی بە مێژوو و شوناسی خۆمانەوە لە عێراقدا دەکەین و چەندین دۆستیشمان هەیە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت، “ئێمە دژی هیچ لایەنێکی کوردی نین و هاوبەشی لەگەڵ هەموو لایەنێکی کوردیدا دەکەین، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سازش لەسەر باشترکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق ناکات”.