وەزارەتی بازرگانی پلانێکی بۆ دڵنیابوون لە ئامادەکردنی کەلوپەلی سەبەتەی خۆراکی راگەیاند وەک ئامادەکارییەک بۆ مانگی رەمەزان، دووپاتیشیکردەوە، کۆنتڕۆڵی توند بەسەر نرخی کەرەستە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا هەیە.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی وتووە، “وەزارەت پلانێکی ئامادەکردووە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەکردنی کەلوپەلی سەبەتەی خۆراک وەک ئامادەکارییەک بۆ مانگی رەمەزان.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماددەی زیادکراو هەیە بۆ مانگی رەمەزان کە لە مەعکەرۆنی، نیشاستە، شەعرییە و و ئاردی سفر پێکهاتوون.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان، رەتیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبێت و باسی لەوەکرد، دەزگاکانی رێکخستن و چاودێری بازار وردبینی بازاڕەکان و نرخی کەلوپەلی خۆراکیی دەکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵی پێشوو بەهۆی بوونی چاودێرییەکی توند بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی ناوخۆدا”.