سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەداین کاری پێکەوەیی لە ناوچەکە پەرەیپێبدرێت و هەموو لایەک هاوکاربێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئالنگارییە ئەمنییەکاندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی سێهەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ دکتۆر ئەنوەر گەرگەش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش کرایەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاریکاری هاوبەشی زیاتر لەنێوان هەردوولا بەشێوەیەک خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی زیاتر بکات و وتی، “لەگەڵ ئەوەداین کاری پێکەوەیی لە ناوچەکە پەرەیپێبدرێت و هەموو لایەک هاوکاربێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئالنگارییە ئەمنییەکاندا، چونکە دۆخەکە هەستیارە و پێویستی بە بڕیاری دروست و سیاسەتی حەکیمانە هەیە”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی و ئابوریی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنەکان لەپێناو دۆزینەوەی دەرەچەی دروست بۆ کۆتاییهاتن بە کێشەکان و چارەسەرکردنیان.
سەبارەت بە هەرێم و عیراق بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و سەرۆکی یەكێتی رۆشنایی خستەسەر هەوڵە بنیادنەرەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی و رێککەوتنی نیشتمانی لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستووری و هاوبەشێتیی راستەقینە کە دیدگاکەی هێنانەدی ئامانجە باڵاکان و پێشکەشکردنی خزمەتکردنی زیاتر بێت.