ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامی وەزارەتی پەروەردە دەداتەوە

گردبوونەوەی مامۆستا و فەرمانبەران لە هەڵەبجە ئەرشیف

ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامی وەزارەتی پەروەردە دەداتەوە و دەڵێت، بە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلول بایكۆت دەشكێنن.

وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “مووچە مافێكی بنەڕەتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی ڕۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەكەین و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەكان ئاگاداردەكەینەوە كە بە زووترین كات دەستبكرێتەوە بە دەوامكردنی ناوەندەكانی خوێندن”.

لە وەڵامی ئەو داواكارییەدا ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێت، “ئێمەش دەزانین مووچە مافێکی بنەڕەتی ئێمە و فەرمانبەرانە، بەڵام ئەوە 9 ساڵی تەواوە ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە بە پاساوی جۆراوجۆری ناڕاستەوە، بەوپەڕی بێویژدانییەوە ئەو مافەی لێزەوتکردووین و قووتی ئێمەیان خستووەتە خزمەتی خێزان و بنەماڵە و کەناڵ و بندیوار و ئەندامانی حیزبەوە”.

سەبارەت بە بایكۆتی خوێندیش دەڵێت، “بایکۆت، لە هەندێک ناوچە نییە، بەڵکو جوگرافیایەکی فراوانی هەرێمی گرتووەتەوە، ئەوەشی دەوام دەکات لە هەولێر و دهۆک، زۆرینە لەژێر فشار و هەڕەشەی خۆتان و دەزگا داپڵۆسێنەرەکان و بەشێکی کەمیشی کادیرە دوو مووچە و بندیوارەکانی حیزبن”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “ئێوە بەکرداری سوکایەتی بە پڕۆسەی پەروەردە و هەموو مووچەخۆران دەکەن، بۆچی پلەبەرزکردنەوە بۆ کەرتی سەربازی بەردەوامە و دەستیپێکردۆتەوە، بەڵام بە بڕیارێکی ستەمکارانە ماوەی 9 ساڵە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران راگیراوە”.

ئەنجومەنەكە باس لەوەشدەكات، بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، تەنها رێگەی شکاندنی، دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 8 و 9یە بەیەکەوە.

بابەتی پێشتر

سەرۆك كۆماری عێراق: مام جەلال ژیانی خۆی بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی تەرخانكرد

بابەتی دواتر

نوری مالكی پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share