بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێک لە قەزای سەیدسادق پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی لە رێکەوتی 4 ی ئەم مانگە کاتژمێر 11:00 ی شەو گەنجێك لەقەزای سەیدسادق كوژرا، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی سلێمانی بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد كە بۆ شوێنی نادیار هەڵاتبوون، دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرکردن، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران بەردەوام بوو، سەرەنجام دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد و گەڕانی بەردەوام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن”.
ئاشکراشیکرد، لەئێستادا هەر سێ تۆمەتبار دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.