قوباد تاڵەبانی: هیچ کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان قبوڵ ناکرێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رایگەیاند، “چیتر هیچ کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران قبوڵ ناکرێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبووەوە و رایگەیاند، “پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا کێشە و گرفتەکانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنوورەکە چارەسەربکرێن”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە رەخنە و گلەییەکانی دانیشتوانی ئیدارەی گەرمیان و وەبەرهێنەران لە سستی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان و کرد و هۆشداریدا کە چیتر هیچ کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران قبوڵ ناکرێت.

باسیلەوەشکرد، “هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کەمتەرخەم بێت لە راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان، یان کێشە و گرفت لەبەردەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دروست بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی قەربووکردنەوەی هەموو ئەو زەوییە کشتوکاڵیانە کرا کە دەکەونە ناو پرۆژەکانەوە لە سنووری کەلار و رزگاری، بڕیاریش درا کۆمپانیای جێبەجێکار بە زووترین کات دەستبکات بە دروستکردنی سایدی دووەمی شەقامی پشتێنەیی کەلار، رێکارەکانی کۆڕنیشی سەر رووباری سیروان تەواو بکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دەستبەکاربێت.

بابەتی پێشتر

هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکانی عێراق و تورکیا بۆ دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

پێوەرەکانی جوانی بۆ ژنان بەپێی زیرەکیی دەستکرد چین؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share