سەرۆکی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، “کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانەی لە دەریای سووردا هەیە”.
ئارسێنیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، “رێکخراوەکەمان بێ ماندووبوون کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانەی لە دەریای سووردا هەیە کە کاریگەری خراپی کردووەتە سەر جوڵەی گواستنەوەی کاڵاکان لەسەر ئاستی جیهانی”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “زیاتر لە 60٪ی ئەو بارانەی ساڵانە بە کەناڵی سوێسدا تێدەپەڕین، ئێستا لە باشووری ئەفریقاوە رەوانەی ئەوروپا دەکرێن و ئەوەش تێچووی ئەو گەشتە زیاددەکات و بە رێژەیەکی زیاتر سووتەمەنی بەکاردەهێنرێت، هەروەها کاریگەری مرۆیی لەسەر دەریاوانەکان هەیە، چونکە گەشتەکەیان 10 رۆژی دیکە درێژدەکاتەوە”.
بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە دەریای سوور لە ماوەی رابردوودا، 12٪ی بازرگانیی جیهانی کێشەی بۆ دروستبووە و بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کۆمپانیاکان کەشتییەکانیان بەرەو باشووری ئەفریقا ببەن و بەوەش کات و تێچووی گەشتەکەیان زیادیکردووە.
لەو بارەیەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، “هاتوچۆی بازرگانی لە دەریای سووردا لەمساڵدا لانیکەم بۆ 30٪ کەمیکردووە بەهۆی ئەو هێرش و ئاڵۆزیانەی لەو دەریایەدا روودەدەن”.