وڵاتێکی ئەندامی هێزەکانی هاوپەیمانان پابەندی بە بڕیاری عێراق بۆ کشانەوە رادەگەیەنێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسپانیا کۆبووەوە، هەوڵەکان بۆ داڕشتنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەربازی دوولایەنە لە نێوان عێراق و ئیسپانیا، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا رایگەیاند، پابەندی هەر بڕیارێکی عێراق دەبن لەبارەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە مارگرێتا رۆبلیس وەزیری بەرگریی ئیسپانیا کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسپانیا، هاوکاری لە بواری ئاسایش و بەرگری و هاوبەشی لە ئاستە جیاجیاکاندا کراوە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆڵی ئیسپانیای لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نوێنەرایەتی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە عێراق بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە پێداگری لەسەر کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دوای ئەوە دێت کە هێزە عێراقییەکان توانای پێشکەوتوویان لە بەرەنگاربوونەوەدا بەدەستهێناوە و مەترسی لەسەر عێراق نەماوە.

وتیشی، “ئەو هەوڵانەی لە ئێستادا دەدرێن بۆ ئەنجامدانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەربازی دوولایەنەیە لە نێوان عێراق و ئیسپانیا، بەشێکە لە رێککەوتنی هاوبەشی هەمەلایەنە لەگەڵ پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ بەغدا گفتوگۆی لەسەر کرا.

وەزیری بەرگریی ئیسپانیا پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتییەکانی عێراق بۆ بەشداریکردنی ئیسپانیا لە چوارچێوەی نوێنەرایەتیی ناتۆ دەربڕی، راشگەیاند، رێز لە هەموو بڕیارێکی حکومەتی عێراق دەگرن سەبارەت بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

مارگرێتا رۆبلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بەردەوام دەبن بۆ تەواوکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دوو قۆڵی لەگەڵ عێراق، لەناویشیدا، “هاوکاری ئەمنی و سەربازی و بواری پیشەسازییە سەربازییەکان.”

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندیی عێراق 36 ملیۆن دۆلار کاشی خستەبازاڕەوە

بابەتی دواتر

جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەرهیچ پێشهاتێک نەبێت هەڵبژاردن لە مانگی پێنج دا ئەنجامدەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share