نزیکەی 50٪ بۆ 60٪ی پیاوان توشی رووتانەوەی قژ دەبن، کە لە سەرەتادا بەبێ نیشانەی ئاشکرا دەستپێدەکات، بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی کات خێرا دەبێت.
پڕۆفیسۆر ستانسلاڤ ئەیونۆف لە زانکۆی پزیشکی روسی قسەی بۆ رۆژنامەیەکی رووسی کردووە و باسی لەوەکردووە، ئەو کەسانەی تووشی رووتانەوەی قژ دەبن دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک سەرنجدەدەن لەسەر جێگەی خەوەکەیان بەیانیان کە هەڵدەستن بڕێکی زۆر قژی وەریو دەبینن.
پڕۆفیسۆرەکە دەڵێت، “هەڵوەرینی قژ لە حاڵەتە ئاساییەکاندا لە تەمەنی 50 ساڵ و سەرووترەوە دەست پێدەکات، پەیوەندی بە ناهاوسەنگیی چەند شتێک هەیە وەک، کەمبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنی نێرینە و ناهاوسەنگی لە پرۆسەی دروستبوونی تاڵەکانی قژدا، لە پراکتیکدا دروستبوونیان کەم دەبێتەوە یان بەهیچ شێوەیەک دروست نابێت.”
باسی لەوەشکردووە، پیاوێک کە لە تەمەنێکی کەمدا تووشی رووتانەوەی قژ دەبێت، بۆ نموونە لە تەمەنی 25 ساڵیدا، نموونەیەکی تایبەتی قژهەڵوەرینی ئەندرۆجینەتیکییە، کە پەیوەندی بە هۆکاری فرەجینیکەوە هەیە (گۆڕانکاری لە ژمارەیەک جیندا، دەبێتە هۆی زیادبوونی تێستۆستیرۆن و دیهایدرۆتێستۆستیرۆن ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.
لەسەر ئەو دۆخەی منداڵان لە تەمەنی کەمدا تووشی رووتانەوەی قژدەبن، هۆکارەکەی لەم حاڵەتەدا پەیوەندی بە نەخۆشییە ڤایرۆسی، بەکتریا یان کەڕووەوە هەیە، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی بەرگری خۆکارانەی لەش دروست دەبێت، کە دژەتەنەکان هێرش دەکەنە سەر خانەکانی لەش، ئەم پرۆسەیەش کاریگەری لەسەر تاڵەکانی قژیش دەبێت ، کە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.