توێژینەوەیەكی نوێ: مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە پاش وازهێنان لە جگەرە كەمدەكات

وازهێنان لە جگەرەكێشان لە هەر تەمەنێكدا بێت دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە، وەك ئەوەی لە توێژینەوەیەكی نوێ-دا هاتووە.

ئاماژەشدەدات بەوەی دابەزینی بەرچاوی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە پاش دەیەی یەكەمی وازهێنان لە جگەرە دەردەكەوێت.

ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە دابەزیووە بۆ نیوە لەو كەسانەی لانیكەم 15 ساڵ بەسەر وازهێنانیان لە جگەرە تێپەڕبووە، بەراورد بەوانەی بەردەوامن لەسەر جگەرەكێشان، سەرەڕای دابەزینی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان بەشێوەیەكی گەورە و خێرا، بەتایبەت لای ئەوانەی بەر لە ناوەندی تەمەن وازیان لە جگەرەكێشان هێناوە.

توێژەران تۆمار و زانیارییە پزیشكییەكانی نزیكەی سێ ملیۆن كەسیان لە كۆریای باشوور شیكردووەتەوە، كە خراونەتەژێر پشكنیكی پزیشكی لە ساڵی 2022 و بەرەو سەرەوە و حاڵەتەكانی شێرپەنجەیان تۆماركردووە، لەوانەش گرێی (سی، جگەر، گەدە، كۆڵۆن و رێكە) تا ساڵی 2019.

بە درێژایی ماوەی توێژینەوەكە، نزیكەی 200 هەزار بەشداربوو شێرپەنجەیان تیادەركەوت.

دكتۆر جین كیونگ ئۆ، كە سەرۆكایەتیی توێژینەوەكەی كردووە لە ناوەندی نیشتمانیی شێرپەنجە لە نزیك سیئۆل وتی، “بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن، دەركەوتووە وازهێنان لە جگەرە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە كەمدەكات، بەتایبەتیش شێرپەنجەی سیییەكان”.

رۆبەرت ویست، پسپۆری دەروونزانیی تەندروستی لە زانكۆی كۆلیدج لەندەن دەڵێت، گەشەکردنی شێرپەنجە پرۆسەیەکی فرە قۆناغییە، کە تێیدا گۆڕانکارییەکانی DNA پەرەدەسێنن تاوەکو زیان بە خانەیەک یان چەند خانەیەک دەگەیەنن، بە شێوەیەک کە دەبێتە هۆی زۆربوونیان بە شێوەیەکی بێ کۆنترۆڵ.

ئاماژەشدەدات توێژینەوەكە دوو راستیی گرنگ دەسەلمێنێت، یەكێكیان ئەوەیە ساڵانێكی دەوێت تا مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە داببەزێت بەراورد بە بەردەوامیدان بە جگەرەكێشان. ئەوی دیكەش ئەوەیە دابەزینەكە بەرچاو دەبێت بۆ ئەو كەسانەی لە تەمەنێكی كورتدا واز لە جگەرە دەهێنن.

دووپاتیشیدەكاتەوە، چەندێك زووتر واز لە جگەرە بهێنیت، ئەوەندە زیاتر ژیان دەچننەوە.

بابەتی پێشتر

پسپۆڕان هۆکارەکانی رووتانەوەی قژی پیاوان دیاریدەکەن

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە ناوەندەکانی خوێندن بۆ تۆمارکردنی داتای مامۆستایانی وانەبێژ ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share