ئایا مێشکی مرۆڤ یەک ملیۆن گێگا بایت زانیاری هەڵدەگرێت؟
زانست چی دەڵێت؟

لاپەڕە و هەژمارەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە وێنەی مێشکی مرۆڤە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو وێنەیەی “ئەو ناوچەیەیە کە بیرەوەری تێدا هەڵدەگیرێت” لە مێشکی مرۆڤدا توانای هەڵگرتنی یەک ملیۆن گیگابایتی هەیە.

ئەم پۆستە کە ساڵانێکە بڵاوبووەتەوە، هەزاران پۆست و دەیان هەزار کاردانەوەی لە سۆشیال میدیا لە تویتەر و فەیسبووکەوە لێکەوتووەتەوە.

پۆستەکە هەڵگری مێشکی مرۆڤ دابەشدەکات بەسەر بەشەکانیدا بە رەنگی جیاواز و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رەنگی شین لە وێنەکەدا ئەو ناوچەیەیە کە یادەوەریی مرۆڤی تێدایە.

بڵاوکراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، توانای هەڵگرتنی ئەم ناوچەیەی مێشک یەک ملیۆن گیگابایتە.

دوای پشکنینی زانستیی بۆ ئەم پۆستە دەرکەوت کە هیچ بنەچەیەکی زانستی نییە.

پسپۆڕانی بواری کۆئەندامی دەمار دەڵێن، ئەمە قسەیەکی تەواو نازانستییە و ئەو وێنەیەی کە بە پۆستەکەوە لکێنراوە نادروستە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری زاناینەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مێشکی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزە، هەڵگرتنی یادەوەرییەکان لە بەشێکی مێشکدا نییە، بەڵکو “سێ ناوچەی گرنگ لە مێشکدا هەن کە پەیوەندییان بە یادەوەرییەکانەوە هەیە، کە بریتین لە هیپۆکامپوس، نیوکۆرتێکس و ئامیگدالا”.

بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، “هەر جۆرە بیرەوەرییەک بەشێکی لە مێشکدا هەیە، بۆ نموونە یادەوەریی کورتخایەن زۆر پشت بە قۆڵۆنی بەشی پێشەوە دەبەستێت”.

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی بیرەوەریی هەر کەسێک دەگاتە یەک ملیۆن گیگابایت، ئاماژە بەوەکراوە، تائێستا هیچ رێگەیەکی زانستی نییە بۆ پێوانەکردنی قەبارەی بیرگە، جگە لەوەش بیرەوەرییەکانی مرۆڤ چەندین وردەکاریی ئاڵۆزی تێدایە، وەک لەبیرکردنی یادەوەرییەکان، زیادکردنی وردەکاریی نوێ بۆ یادەوەرییەکانی پێشوو.

زانایان دەڵێن، “بەدڵنیاییەوە توانای هەڵگرتنی یادەوەرییەکان لە مێشکی مرۆڤدا زیاترە لەوەی مرۆڤ خەیاڵی بکات، سەبارەت بە باسکردنی ژمارەیەکی دیاریکراو وەک ئەوەی دەوترێت دەڵێن، ئەمە پێویستی بە کات و تەکنیکە نوێیەکانی پێوانە هەیە بۆ ئەوەی دیاریبکرێت”.

بابەتی پێشتر

كۆنسێرت و پڕۆگرامی منداڵان<br> دووەم رۆژی فێستیڤاڵی نەورۆز بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

پێکان یان توڕە بوون؟ باوکی مێسی وەڵام دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share