وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بڕیاری تاپۆکردنی 29 هەزار پارچە زەوی دەرکرد.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەندازیار و فەرمانبەرانی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەت كۆبووەوە و پلانی نوێی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەی كە هێشتا ماون تاپۆ بكرێن، تاوتوێ كرا.
ئاماژە بەوەش دەکات، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیمەكەی راسپارد بەزووترین كات ئەو كارتانەی ماون دەبێت تاپۆ بكرێن.
باس لەوەش دەکات، تاكو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر، 55هەزار و 695 كارتی زەوی كارەكانیان تەواوكراون و وێنەی تۆمار(تاپۆ)یان بۆ دەركراوە و دراوەتەوە هاوڵاتییان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كار لەسەر تاپۆكردنی 18 هەزار و 255 زەویی كارت دەكرێت، هاوكات 10 هەزار و 950كارتی دیكەش لە سنووری بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كار بۆ بە تاپۆكردنیان دەكرێت و بەمزووانە كارەكانیان تەواو دەبێت.