وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی داوای لێبوردنی كرد لەو لێدوانە هەڵەیەی گوایە واشنتن بەغدادی ئاگاداركردووەتەوە بەر لە هێرشە ئاسمانییەكانی كۆتایی هەفتەی رابردوو.
جۆن كێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی رۆژی هەینی رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكان، عێراقی ئاگاداركردووەتەوە.
بەڵام دوێنێ فیدانت باتیل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان بەر لە روودانی هێرشەكان عێراقی ئاگادارنەكردووەتەوە، بەڵكو پاش روودانی ئاگاداریكردووەتەوە.
لە 28ی كانونی دووەمی رابردوو بنكەیەكی ئەمریكا لە ئوردن كەوتە بەر هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریكی كوژران و زیاتر لە 40ی دیكە برینداربوون.
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا ویلایەتە یەكگرتووەكان رۆژی هەینی چەند ناوچەیەكی گروپە چەكدارەكانی لە عێراق و سوریا بۆردومانكرد.
دوای هێرشەكان كێربی بە گەڕی یەكەمی وەڵامی گروپە چەكدارەكان ناویبرد و وتیشی، پێشتر بەرپرسانی عێراق لەبارەیەوە ئاگاداركراوەتەوە، بەرلەوەی ئەمڕۆ رەتیبكاتەوە و داوای لێبوردن بكات.