خەمۆکیی پاش منداڵبوون چییە؟

خەمۆکی یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییە بەربڵاوەکان. جۆرێکی سەرەکیی خەمۆکی بریتییە لە خەمۆکی لە دوای منداڵبوون، کە بە خەمۆکیی زەیستان-یش ناودەبرێت.

د. جەعفەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان دەڵێت، ژنان دوای منداڵبوون بە گشتی تووشی حاڵەتی بێتاقەتی، خەفەت و دڵتوندی دەبن، بەشێوەیەک کە کارناکاتە سەر ژیانی ئاساییان و نیشانەکان لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمدا دەردەکەون و دواتر نامێنن. ئەم حاڵەتەش بە نەخۆشی هەژمارناکرێت و زۆربەی ژنان پاش چەند هەفتەیەک ئەو دڵتوندی و بێتاقەتییان نامێنێت.

دەشڵێت، بەڵام هەندێک لە ژنان تووشی نەخۆشیی خەمۆکی دوای منداڵبوون دەبن کاتێک کە نیشانەکانیان تونددەبن و کاردەکاتە سەر ژیانیان. ئەمانە نیشانەکانن بۆ ناسینەوەی ئەم جۆرە لە خەمۆکی:

– هەستکردن بە دڵتوندی و گریان.
– تووشی خەوزڕان دەبێت و خەوی تێکدەچێت.
– ئیشتیهای خواردنی نامێنێت یان هەندێکجار ئارەزووی خواردنی زۆر دەبێت.
– هێز و وزەی دادەبەزێت و توانای ئیشەکانی رۆژانەی نامێنێت.
– چێژ لە خۆشییەکانی ژیانی نابینێت و ئارەزووی هیچی نییە.
– سەبارەت بە منداڵەکەی ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ دروستبکات یان هەندێکجار بیری هەلە سەبارەت بە منداڵەکەی دێت بە مێشکیدا و دەیەوێت زیانی پێبگەیەنێت.
– ناتوانێت خزمەتی منداڵە تازە لەدایکبووەکە بکات.
– توڕەبوون و هەڵچوون و بێئۆقرەیی.
– گۆشەگیری و دابران لە کۆمەڵ و خێزان.
– بیری خۆکوژی و خۆبەکەمزانینی هەیە.

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، هۆکارەکانی تووشبوون زۆرن، بەڵام بەگشتی ئەو ژنانەی ئەم خاڵانەیان تیادایە ئەگەری زیاتریان هەیە تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون ببن:

– نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و هەستوسۆز.
– بوونی گرفت و نەخۆشیی دەروونی لە پێش سکپری.
– بوونی فشاری دەروونی و گرفتی خێزانی.
– سکپرییەکە بەبێ پلان بوبێت و دایباب ئارەزووی منداڵەکەیان نەکردبێت کە بیانبێت.
– لە سکەکانی پێشووتر تووشی خەمۆکی بووبێت.
– بوونی نەخۆشیی خەمۆکی دوای منداڵبوون لە یەکێک لە خزماندا وەکو دایکی یان خوشکی.
– منداڵەکە بە نەبەکامی لەدایک ببێت یان کێشەیەکی تەندروستی هەبێت.
– کێشەی هەبێت لەگەڵ هاوسەرەکەی.

د. جەعفەر عومەر ئاماژەشدەدات، بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە پێویستە سەردانی پزیشکیی دەروونی بکرێت بە مەبەستی دەستنیشانکردن و دیاریکردنی جۆری چارەسەر، کە بەگوێرەی کەسەکان دەگۆڕێت، هەندێکجار تەنها بە رێنمایی چارەسەر دەکرێت یان لەوانەیە پێویست بە دەرمان بکات هەتا چاکدەبێتەوە.

روونیشیدەكاتەوە، ئەم نەخۆشییە لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆسەر ژیانی منداڵەکە و دایکەکە ئەگەر بە زووی چارەسەرنەکرێت. لەبەرئەوە پێویستە ئەو کەسانە لەژێر چاودێریدا بمێننەوە و پشتیوانیی خێزانی و کۆمەڵایەتییان هەبێت.

بابەتی پێشتر

راپۆرتێک.. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور دەزاندرێت

بابەتی دواتر

هەر چوار نەخۆشخانەکەی گەرمیان دەکرێنە فێرکاری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share