یەکەم حاڵەتی لە ئیسرائیل دەرکەوتووە.. نەخۆشیی فلۆرۆنا چییە؟

میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە دەرکەوتنی یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی فلۆرۆنایان لەو ‏وڵاتە ڕاگەیاند، کە نەخۆشییەکە تێکەڵەیە لە هەردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا، ‏وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش ترسی خۆی لە ڤایرۆسە نوێیەکە نەشاردووەتەوە. ‏

تائێستا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هیچ لێدوانێکی لەبارەی نەخۆشییەکەوە نەداوە، ‏بەڵام ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکە دەکات، دەیەوێت بزانێت ئایا گۆڕاوێکی نوێی ‏کۆرۆنایە؟ مەترسییەکانی چین؟

ڕۆژنامەی یەدوعوت ئەحرونوت-ی ئیسرائیلی لەزاری سەرچاوە پزیشکییەکانی ‏وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو نەخۆشییە نوێیە لە هەردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا ‏بەیەکەوە سەریهەڵداوە.‏

بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، مەترسیی ڤایرۆسەکە دەکرێت بەوجۆرەبێت کە ببێتەهۆی ‏جۆرێکی مەترسیداری ئەنفلوەنزا و هۆکاربێت بۆ هەوکردنی سییەکان و کێشەکانی دیکەی ‏کۆئەندامی هەناسە و هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ و تەنانەت مردن. ‏

تائێستا وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکە دەکات و هیچ ‏زانیارییەکی لەبارەی مەترسییەکانی نەخۆشییەکە، یان کۆبوونەوەی ئەو دوو ڤایرۆسە ‏بەیەکەوە و بوونی بە هۆکاری نەخۆشییەکی مەترسیدار ئاشکرانەکردووە.‏

دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی نەخۆشیی فلۆرۆنا لە ئیسرائیل، سەرچاوە ‏تەندروستییەکانی وڵاتەکە ئاشکرایانکرد، ئەگەری هەیە حاڵەتی دیکەی نەخۆشییەکە ‏هەبێت، بەڵام تائێستا دەستنیشان نەکراون.‏

سەبارەت بە نیشانەکانی ئەو دوو ڤایرۆسە، دکتۆر وەجدی ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ‏سنگ دەڵێت، ئەو حاڵەتانەی تائێستا لەجیهاندا تۆمارکراون، تووشبووی کۆرۆنا یان ‏ئەنفلوەنزان، بەڵام ئەمە یەکەم حاڵەتە لەجیهاندا تووشبووی هەردوو ڤایرۆسەکە بێت ‏بەیەکەوە، نیشانەکانی هەردوو نەخۆشییەکەشی تێدا دەرکەوتبێت. ‏

سەبارەت بە چارەسەرەکەشی ڕایگەیاندووە، بۆ ئەم دۆخە دەبێت چارەسەری هەردوو ‏ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا بدرێت بە تووشبووەکە، سەرەڕای ئەوەش پێویستی بە ‏چارەسەری زیاتر و چاودێریی بەردەوام هەیە، تاوەکو گۆڕانکارییەکان لە کەسی ‏تووشبوودا دیاریبکرێت.‏

 

 

بابەتی پێشتر

دوو كلكدار لەیەك كاتدا بەرەو زەوی دێن

بابەتی دواتر

سوودەکانی "گوڵی مریەم"ت بیستووە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share