فراكسیۆنی یەكێتی هەوڵەكانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە موزایەدە ناودەبات و روونكردنەوە لەبارەی داواكاریی پێدانی مووچە راستەوخۆ لە بەغدادەوە دەدات.
دەقی روونكردنەوەكە:
وەڵامێک بۆ جەواشەکاریی و موزایدەکان.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ و کەناڵی ئاسمانی نەوەی نوێ (nrt)، هەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە گوایە فراکسیۆنی نەوەی ئیمزای کۆکردۆتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی مووچە راستەوخۆ لە حکومەتی ئیتحادییەوە بدرێ بە مووچەخۆرانی هەرێم و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی ئیمزایان نەکردوە. سەبارەت بەم موزایدە و چەواشەکارییە، بۆ رای گشتی کوردستانی رووندەکەینەوە؛
یەکەم: لەمانگی (١٠) ساڵی رابوردو، لە سۆنگەی گرنگیدانمان بەکاری پێکەوەیی و یەکریزیی و چڕکردنەوە هەوڵەکان بۆ کێشەی مووچە، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ ئیمزامان کۆکردەوە، تا داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەین مووچە لە ململانێی سیاسیەکان دەربهێنرێ و راستەوخۆ دابەشبکرێت، بەڵام دواتر فراکسیۆنی نەوەی نوێ کلێشەی یاداشتەکەیان گۆڕی بە کلێشەی نەوەی نوێ و بەکاریان هێنا بۆ موزایدەی سیاسی و سەرۆکی نەوەی نوێ فرسەتی هێنا و بردی بۆ سەرۆک وەزیران.
دووەم: لەئێستادا دیسان ئیمزا کۆکردنەوەی نەوەی نوێ بۆ هەمان مەبەست هیچ گرنگیەکی نیە و تەنها بۆ موزایدەی سیاسیە، چونکە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتحادی پێشتر وەڵامی یاداشتە هاوبەشەکەی فراکسیۆنە کوردستانیەکانی داوەتەوە و پەسەندیکردووە.
سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەش، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتحادی زیاتر لە دوو مانگە رایگەیاندوە و لیژنەی بۆ پێکهێنراوە لە راوێژکارانی و لیژنەی دارایی پەرلەمان کە نەوەی نوێ هیچ ئەندامێکی تیانیە، ئێستا چ پێویست ئەکات ئیمزای بۆ کۆبکرێتەوە.
سێیەم: هەر فراکسیۆن و حزب و پەرلەمانتارو کەناڵێک لەناو هۆڵی پەرلەمان هیچ پێنەکرێ و بێتەدەرەوە لە کەناڵەکانەوە هەوڵبدات دەستکەوتی سیاسی، ئیستغلالی دۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان بکات و موزایدەی سیاسی و چەواشەکاری بکات، داماڵراوە لە هەموو بەها و ئاکارە سیاسیەکان و ئیتیکی میدیایی.
ووتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی
لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
2ی شوباتی 2024