وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بەڵێنیدا کە وڵاتەکەیان”هەموو رێوشوێنێکی پێویست” بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانیان بگرێتەبەر و توڕەیی و پەشیمانی خۆی دەربڕی کە یەکشەممە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە هۆی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی دەیانی دیکە.
ئەمڕۆ دووشەممە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بنکەی وەزارەتەکەی دەرکەوت و رایگەیاند، من و سەرۆک جۆو بایدنیش رێگە بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا نادەین، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانمان.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە لە هێرشێکدا کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا بۆ سەر ناوچەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەنێوان ئوردن و سوریادا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 38 سەربازیش برینداربوون، بایدن رایگەیاند تۆڵەدەکەنەوە و ئەمڕۆش جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن کە پێشتر هێرشەکەی بە پاڵپشتیکراوی ئێران ناوبرد لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە بژاردە بەردەستەکان دەکات بۆ وەڵامدانەوە.