رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت، كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوای بەرتیل دەكەن لە بەرامبەر هاوكاریكردنی خاوەنكاران بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی پرۆژەكانی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوە.
رۆژنامە بەناوبانگەكەی بەریتانیا راپۆرتێكی بنكۆڵكاری بڵاوكردووەتەوە كە پشت بە چاوپێكەوتن لەگەڵ زیاتر لە 20 كارمەندی ئێستا و پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەڵێندەر و بەرپرسانی عێراقی و رۆژئاوایی دەبەستێت.
چاوپێكەوتنەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بەپێی رۆژنامەكە، كە “نەتەوە یەكگرتووەكان پەرە بە كەلتووری بەرتیل دەدات كە لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 لە كۆمەڵگای عێراقیدا بڵاوبووەتەوە”.
گاردیان دەڵێت، كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان “داوای بەرتیلیان كردووە كە دەكاتە 15%ی بەهای گرێبەستەكە”، بەپێ وتەی سێ كارمەند و چوار بەڵێندەر.
لە بەرامبەردا، کارمەندەکە یارمەتی بەڵێندەر دەدات لە تێپەڕبوون بە سیستەمی ئاڵۆزی پێشکەشکردنی داواکاری بە UNDP و، زامنكردنی تێپەڕبوون بە پرۆسەی ووردبینیدا.
یەكێك لە بەڵێندەران بەبێ ئەوەی (گاردیان) ناسنامەكەی ئاشكرابكات وتوویەتی، كارمەندانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان “پەیوەندییان پێوەكردووە و داوای بەرتیلیان كردووە”.
دەشڵێت، “كەس ناتوانێت گرێبەستێك بەدەستبهێنێت بەپێی پارەدان. شتێك نییە لەم وڵاتەدا بتوانیت بەدەستیبهێنێت بەبێ ئەوەی پارە بدەیت، نە لە حكومەت و، نە لە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان”، بەپێی گاردیان.
بەپێی وتەی یەكێك لە كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان، كارەكە بەشێوەی كەسی دەكرێت، نەك لەسەر نووسراو بۆ ئاشكرانەبوون، هەندێك كات عێراقییە خاوەن دەسەڵاتەكان وەك زامن و كەسی خاوەن متمانە بەشداردەبن تیایدا.
وتیشی، “لایەمی سێیەمیش بەهەمان شێوە بەشی لە بەرتیلەكەدا دەبێت” ئەوەشی خستەڕوو، بەڵێندەران “كەسانی خاوەن پەیوەندی و دەسەڵاتدار بەكاردەهێنن”.