راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە،  ئەمرۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ  بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

باس لەوەش دەکات، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە :

– هەڵسەنگاندن و راڤەکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە ،کە یەکێتی لەگەڵ یەکریزی و تەبایی و رێکخستنی ناوماڵی کوردە ،هەروەک لەگەڵ تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە کە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی  و ئیداری و خزمەتگوزاری لەهەرێم و ناوچەدابرێنراوەکان و هەموو عێراق دەگەیەنێت.

– هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان وسەرکەوتنە گەورەو مێژووییەکەی یەکێتیی لە کەرکوک، موسڵ، خانەقین  و سەڵاحەدین کە بەرهەمی یەک تیمی و هەماهەنگی ئۆرگانەکان وشەونخونی  یەکێتییە دڵسۆزەکان و وەفاداری جەماوەری حزبی شەهیدان بوو.

سەبارەت بە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و ناوچەدابرێنراوەکانیش، کۆبوونەوە دووپاتی کردەوە  کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانی و عێراقییەکان دانوستان دەکات و هێڵی سوور بەرامبەر هیچ  پێکهاتەیەک نییە بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی ئیدارەیێکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی.

– بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی  داهاتووی کوردستان ،کە گەرەکە هەڵبژاردنێکی پاک  و شەفاف ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش  کۆبوونەوە   هێڵە گشتییەکانی  نەخشەرێگایەکی نوێی بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەو هەڵبژاردنەدا خستەروو.

– دوای هەڵسەنگاندنی کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتی کەئەنجامی کۆنفراسەکە بە ئەرێنی هەڵسەنگێردرا، ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن تاوتوێ کرا کەبریارە لە مانگی داهاتوودا ئەنجامبدرێت.

– دوا تەوەری کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی  تایبەتکرا بە پرسی بایکۆتی مامۆستایان لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەرین.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  هەمیشە پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایان وفەرمانبەرانی هەرێم  دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستە بەبەردوامی  سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و تیمی یەکێتی لەحكومەت  هەموو تواناکانی خۆیان خستوەتەگەڕ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی و سەردانە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا گەواهی بۆ ئەو راستیە دەدات ، بەڵام ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ  خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنها لەم سنوورە ،جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە،  مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە،کە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی ،پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی ،مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت.

بۆیە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە ئەرکی حكومەتی هەرێم و مامۆستایان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەکۆکانی  میدیا دەزانیین کە  ئەم ئەرکە مێژووییە هاوبەشە جێبەجێبکەن، دەستخۆشی لەو مامۆستایانە دەکەین کە بەگیانێکی بەرپرسیارانە گەراونەتەوە قوتابخانەکان ،لەهەمان کاتدا داوا لە مامۆستایانی دیکە دەکەین کە کۆتایی بەبایکۆت بێنن وبەشێوازێکی دیکە بەرگری لە مافەرەواکانی خۆیان بکەن  ، چونکە دەکرێ لەئایندەدا دواکەوتنی مووچە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی ساڵێک لەپرۆسەی خوێندن بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوەو دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی نەخوازراو، بۆیە خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی منداڵەکانمان و هەق نییە لەمە زیاتر رێگا بدرێت پرۆسەی خوێندن دوابکەوێت .

باهەموومان پێکەوە  بیر لەسلێمانی و دەورووبەری و لە ئایندەو چارەنووسی نەوەکانی ئەم دەڤەرە بکەینەوە .

 

 

بابەتی پێشتر

دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتاییهات

بابەتی دواتر

بەتۆمەتی دزینی کەلوپەلی بیناسازی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share