داڤید ئالابا .. ڕیاڵ مەدرید بە بەردێک چوار چۆلەکە دەکوژێت

بۆندی نێوان ڕیاڵ مەدرید و ئالابا یەکلاییبووەتەوە

ڕیاڵ مەدرید لە میرکاتۆی زستانی 2021 بە واژووکردنی بۆندی داڤید ئالابا دەتوانێت پێنج ئامانجی گەورە بپێکێت.

یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە گواستنەوەکانی هاوینی 2020وە پڕۆسەی کەمکردنەوەی خەرجیاتیان دەستپێکردووە، بڕیاریشە لە زستانی 2021 گرێبەستی گەورە واژوونەکەن، مەگەر گرێبەستی داڤید ئالابای بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن نەبێت، کە وەک بابەتێکی جیاواز پلانیان بۆ داڕشتووە.

ئالابا لە هاوینی 2021 بۆندەکەی کۆتاییدێت و لە زستانی 2021 دەتوانێت لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە دانوستاندنی فەرمی دەستپێبکات و بە ڕێککەوتن بگات.

بەپێی زانیارییەکان، بەرگریکارە 28 ساڵەکە لەلایەن چوار یانەی زەبەلاحەوە ئۆفەری پێشکەشکراوە، بەڵام لە نێوان هەموواندا یانەی شاهانەی مەدریدی هەڵبژاردووە و تەواوی ئۆفەرەکانی دیکەی ڕەتکردووەتەوە.

ئەگەر ڕیاڵ مەدرید لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئالابا سەرکەوتووبێت، بۆندەکە لە هاوینی 2021 بێبەرانبەر واژوودەکرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە: ڕیاڵ مەدرید لەم گواستنەوەیە چ سوودێک دەکات؟ سەرچاوە جیهانییەکان ئەم چوار خاڵە بە وەڵامی ئەم پرسیارە لە قەڵەمدەدەن.

  • بۆندێکی بێبەرانبەر: گواستنەوەی ئالابا کە یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی بایرن و جیهان، هاوینی داهاتوو نرخی دەبێتە بێبەرانبەر، واتا یانەی شاهانە تەنها موچە و ئیمتیازاتی بۆ تەرخاندەکات و ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە بەبێ ئەوەی بودجەی زۆری بۆ تەرخانبکرێت.

 

  • یاریزانێکی جۆکەر: بەرگریکارەکە دەتوانێت لەهەردوو پێگەی سەنتەری بەرگری و بەرگری باڵی چەپ و تەنانەت ناوەندی بەرگریشدا یاریبکات، بۆ پێکهاتەکانی زێدان باشترین چارەسەرە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان.

 

  • فشارکردن لە ڕامۆس: کڕینی ئالابا دەبێتە کارتی فشاری فلۆرنتینۆ پێرێز لەسەر سێرجیۆ ڕامۆس و ڤاران، هەردوو یاریزانەکە لە ڕووی وەرزشییەوە ناچاری ئاستبەرزی دەکات، لەڕووی کارگێڕیشەوە دەبێتە هەڕەشەیەک ئەگەر بێتو بۆندەکانیان بەپێی خواستی ئیدارە نوێنەکەنەوە.

 

  • کۆتایهاتنی سەردەمی مارسێلۆ: مارسێلۆ لەم وەرزەدا ئاستی لاواز بووە و چیتر توانا جەستەییەکەی پێشووی لەدەستداوە، ئالابا دەتوانێت وەک باشترین شوێنگرەوەی مارسێلۆ هاوشانی فێرلاند مێندی دەستبەکاربێت.
بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

یوڤانتۆس کۆتا ئۆفەری پێشکەشی دیبالا کردووە: واژوویبکە یان بڕۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share