قوباد تاڵەبانی: ناکرێت چیتر سەروەری لەژێر هیچ بیانوویەکدا پێشێلبکرێت

جێگری سەرۆك وەزیران لە دیدارێكدا لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، ناکرێت چیتر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا پێشێلبکرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵی گشتیی ئەمریکا هاوسۆزی و هاوخەمی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێم دەربڕی لەپای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، ناکرێت چیتر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا پێشێلبکرێت. وتیشی، “ئەم جۆرە هێرشانە سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن”.

جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکەش رایگەیاند؛ بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێرش و پێشێلکارییانە بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی پێبهێنرێت، پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت. داواشیکرد هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێکەوە کاربکەن بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، هەر وڵاتێکی دراوسێ نیگەرانییەکی هەیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەربکرێن، نەک لە رێگەی شەڕ و بۆردومانکردنی خاکی هەرێم.

بابەتی پێشتر

سعودیە بەكارهێنانی بڵندگۆی مزگەوتەكان سنووردار دەكات

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share