مەسعود بارزانی: ناکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و ناکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەسەر هێرشەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵی 2020ـەوە  هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی وڵاتیکی دراوسێ ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.

سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.

مەسعود بارزانی دەشڵێت، “ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.”

باسی لەوەشکردووە، ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە راستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران رێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر راستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.

سەرۆکی پارتی ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، “ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.”

 

بابەتی پێشتر

سەرۆک کۆماری عێراق: کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەردەکرێن نەک هێرشی سەربازی

بابەتی دواتر

کۆبوونەوەی وەفدی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم دەستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share