هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک پێی وایە کورد لە ناکۆکییەکانی ناوچەکەدا کە ئەو بە “جەنگی سێیەمی جیهانی بە وەکالەت” ناویبردووە ڕۆڵی خۆی سەلماندووە و دەبێت زیاتر چاوکراوەبێت.
سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئەڵتەرناتیڤ ڕایگەیاندووە، ” کورد هەبوونی خۆی سەلماندووە و دەیەوێت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، کورد ئەمڕۆ فاکتەرێکی دیاریکەرە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەر هێزێک کە هاوپەیمانی کوردەکان بێت، لەم کێبڕکێیەدا سەرکەوتوو دەبێت”.
موعینی ئاماژەی بەوەشکردووە، ” قۆناغی ڕێککەوتنی لۆزان تێپەڕیوە و قۆناغی نوێ بژاردەیەکی نوێی لە پێش کوردەکان داناوە، تا بە خوێندنەوەیەکی نوێ ڕێگای ئازادیی خۆیان بدۆزنەوە و بۆئەوەش پێویستی زیاترمان بە کۆدەنگی و یەکڕیزی هەیە”.
لەبارەی دۆخی ئێرانەوە سیامەند موعینی ڕایگەیاندووە، ” ئێران فشاریکی زۆری لەسەرە و بێ پشتیوان ماوەتەوە، ناچارە باج بە ئەمریکا بدات، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەوێت، سیاسەتی بە سەربازیکردنی کۆمەڵگا توندتر دەکاتەوە و دەسەڵاتەکەی یەکدەست دەکاتەوە، لە ئاستی دەرەوەش ناچارە بە نەرمی نواندن، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەمریکا تا بتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی بدات، دەسەڵاتدارانی ئێران پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووبار مەلە دەکەن و لە ئەنجامدا ناچارن کە وچانێک بدەن و بوەستن”.
هاوسەرۆکی پژاک هەر لەسەر دۆخی ئێران وتوویەتی، ” قەیرانی ئابوری و ناکارامەیی بەڕێوبەرایەتی باڵای وڵات، گەلانی ئێرانی بێزار کردووە و گەیاندوویانەتە سنووری تەقینەوە، دەسەڵاتی ئێران لەوە تێگەیشتووە کە دەمێکە ڕەوایەتییان نەماوە و تەنیا ڕێگەی مانەوەیان دروستکردنی کەشوهەوایەکی ترس و تۆقاندن و بە سەربازیکردن و تیرۆر لە ناوخۆیە، بۆیە پرۆژەی دەسەڵات یەکدەستکردنی سیستمە، واش پیلانیان داناوە کە کەسایەتییەکی سەربازی بکەن بە سەرۆک کۆماری داهاتوو، تا لە ئەگەری نەمان و مردنی خامنەیی کۆنترۆڵی وڵاتیان لە دەست نەچێت و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، دەسەڵاتی دیکتاتۆر و مافیایی ئێران تەنیا شتێک کە بیری لێناکاتەوە دیموکراسی و ئازادییە، چونکە پێچەوانەی خوێندنەوەی ئەوانە”.