بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی دووەمین کۆنفرانسی رێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی و ئامادەسازی بۆ قۆناغی نوێ)ی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی بڵاویکردەوە، میدیاکانمان بە بینراو، نووسراو، بیسراوەوە پێویستیان بە بەخۆداچوونەوەی جددی و گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە، دەزانین شانازیمان لە رابردوودا زۆرن، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە و پێویستە رووانینمان بەرەو داهاتوو بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، دەمەوێت لە دڵەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ئێوەی دڵسۆز و خۆشەویست بکەم بۆ هەوڵەکانتان لە سەرخستنی هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە و یەکێتییەکەتان لە کەرکووکی قودسی کوردستان، بێگومان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرتان گێڕا لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شانازیتان پێوەدەکەین.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسیلەوەکرد، ئەمڕۆ میدیا لە جیهاندا لەبەردەم گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، نوێبوونەوە و داهێنان خواست و ئەرکی سەرەکی میدیاکانە لەپێناو خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکە و هەنگاونان لەگەڵ خواستی خەڵک و ململانێ پیشەییەکان، لەگەڵ وردبوونەوە و تێگەیشتنمان لە دۆخی میدیا لە جیهاندا، پێویستە ئێمەش بە روانین و دیدگایەکی نوێوە، بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان و پابەند بە بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی، سیاسەت و ستراتیجێکی نوێ بۆ میدیا بنووسینەوە و هاوشانی بەرەوپێشچوونە میدیاییەکان هەنگاوبنێین.
جەختیشیکردەوە، ئێوە هەمووتان قەڵەمی بەئەمەک و خۆنەویستی یەکێتی بوون و لە بەرگریکردن لە یەکێتی و دۆزی رەوای گەلەکەمان، دەنگی ئازا و دلێر بوون، ئەمە جگەلەوەی لە قۆناغی ئاشتیشدا رۆڵی گرنگتان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە گێڕاوە و رەوتی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریتان بەرەوپێشبردووە، ئێمە شانازیی بە هەمووتانەوە دەکەین و لە توانا و لێهاتووییتان دڵنیاین، دڵنیام لەم کۆنفرانسەشدا سوود لە کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی وەردەگرن و پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی میدیایی هەنگاودەنێن کە لەئاست خواستی خەڵکدایە و هاوتایە لەگەڵ میدیا پێشەنگەکانی جیهاندا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشدا هاتووە، میدیاکانمان بە بینراو، نووسراو، بیسراوەوە پێویستیان بە بەخۆداچوونەوەی جددی و گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە، دەزانین شانازیمان لە رابردوودا زۆرن، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە و پێویستە رووانینمان بەرەو داهاتوو بێت. بۆ ئەمەش پێویستە بە بیرێکی نوێگەر و داهێنەرانەوە مامەڵە لەگەڵ میدیا بکەین و بە هەنگاوی کردەیی میدیاکانمان رێکبخەینەوە و سیاسەتێکی نوێی کاریی میدیایی دابڕێژین کە لە خزمەت کوردستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا بێت.
لەکۆتایی پەیامەکەشیدا تەئکیدی لەوەکردەوە، نان و ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران تەنیا درووشمێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو فەرهەنگی سەنگینی سەرۆک مام جەلالە و دەیپارێزین، ئێوە بەرەو نوێبوونەوە و داهێنان هەنگاوبنێن و ئێمەش بە دڵ پشتیوانتان دەبین.