پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی کاریان راگەیاند و داوای سێ مووچەی کۆتایی ساڵی رابردوو، هەروەها مووچەی ئەم مانگە لە حکومەتی هەرێم دەکەن.
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویانکردەوە، “وەک ئاشکرایە لای هەموومان لە ئێستادا پێدانی مووچە لە خراپترین دۆخیدایە بە جۆرێک کە چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵی 2023 بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ بڕیارێکیش نییە کە وادەی وەرگرتنی ئەو مووچانە کەی دەبێت”.
ئاماژە بەوەش دەکەن، “تەنانەت هیچ بەرچاوڕوونیەک نییە لەسەر پێدانی مووچەی مانگی یەک لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کاتێکدا وا نزیک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر پێدانی کۆتا مووچە ، ئێمە وەکو پزیشکانی نیشتەجێی خولاو ئاشکرایە کە تەنها سەرچاوەی داهاتمان بریتییە لە مووچەکانمان و لە ئەگەری دواکەوتنی شایستە داراییەکانمان ئاستەنگێکی زۆرمان بۆ دروست دەبێت بە تایبەت بۆ ئەو پزیشکانەی کە لەدەرەوەی شارن”.
ئەو پزیشکانە دەڵێن، “چیتر ئێمە ئامادە نین بەردەوامی بدەین بە بوونمان لە ناو نەخۆشخانەکان، لە کاتژمێر 8 ی بەیانیی ئەمڕۆوە بایکۆتمان راگەیاندووە”.