نوێنەری نانەواخانە و سەموونخانەكانی سلێمانی بەم دۆخەی ئێستا هەرزانكردنی نان و سەموون بە ئەستەم ناودەبات و داواكارییەكان بۆ هەرزانكردن دەخاتەڕوو.
سەلاح ساڵح، نوێنەری نانەواخانە و سەموونخانەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تائێستا بەهیچ جۆرێك لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانی و چاودێریی بازرگانییەوە ئاگادارنەكراونەتەوە كە نرخەكان بەوجۆرەی بڕیاردراوە بگۆڕن.
وتیشی، “حكومەت هیچ شتێكیان بۆ دابین نەكردووین، نە ئارد و نە سووتەمەنی، بەو ئارد و سووتەمەنیەی ئێستا لە بازاڕدا دەیكڕین ناتوانین 10 نان بە كێشی 100 گرام بدەین بە هەزار دینار”.
خۆ ناكرێت خاوەن سەموونخانە و نانەواخانە لە گیرفانی خۆی زەرەر بدات و شت هەرزان بكات، سەلاح ساڵح وای وت.
باسی لەوەشكرد، دەبێت حكومەت ئەركەكە بخاتە ئەستۆی خۆی، ئارد هەرزان بكات و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو بداتە سەموونخانە و نانەواخانەكان تا ببێتەهۆی هەرزانكردنی نرخ.
نوێنەری سەموونخانە و نانەواخانەكان ئاماژەی بەوەشدا، تەنها كارەبا هەرزان كراوە، بەڵام ئەویش نییە، بەڵكو دەبێت پشت بە مۆلیدە ببەستن.