سەرباری ئەوەی هیلاكبوونی چاوەكان مەترسیدارنییە، بەڵام دیاردەیەكی بێزاركەرە، كاتێك چاوەكان هیلاك دەبن هەست بە سووتانەوە و خوران دەكرێت، پێویستە ئاگادار بیت.
چەند رێنماییەكی گرنگ بۆ دووركەوتنەوە لە هیلاكبوونی چاوەكان:
پشوودان : پشوو بە چاوەكانت بدە لەكاتی هیلاكبوونیداو هەوڵبدە بۆ ماوەی پێنج خولەک چاوەكانت دابخەیت .
باشتركردنی هەواگۆڕكێ لەشوێنی كاردا : دەبێت شوێنی كاركردن هەواكەی پاك بێت و تەپوتۆزی تێدا نەبێت و هەروەها جگەرەی تێدا نەكێشرێت بۆئەوەی چاوەكان پارێزراو بن لە وشك بوونەوە .
ئەنجامدانی راهێنان : پێویستە لەكاتی كاركردندا راهێنانی پشوودان ئەنجام بدرێت وەك دانانی ئەنیشك لەسەر مێزی كاركردنەكەت و پاشان بەرزكردنەوەی دەستەكانت بۆ سەرەوە بۆ خستنە ژێر چەناگەت یاخود دانانی سەرت لەنێوان هەردوو قۆڵت و دەستتدا پاشان داخستنی چاوەكانت و كرداری هەناسەدانی قووڵ ئەنجام بدە .
شێلانی برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو : مەساجكردن بۆ برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو بۆماوەی 10 چركە یارمەتیدەرە بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوونەوەی و هیلاكبوونی چاو .
بەكارهێنانی چاویلکەی گونجاو : لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا یاخود لەكاتی خوێندنەوەدا، ئاگاداربە لە بەكارهێنانی چاویلكەو هاوێنەی پزیشكی چاو بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی چاویان لاوازە پێویستە ئەو چاویلكەیەی بەكاری دەهێنێت گونجاوبێت و لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە دانرابێت .
بەكارهێنانی قەترەی چاو : لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بۆماوەیەكی دوورو درێژ ئەوا چاوەكان رووبەڕووی هیلاكبوون و وشكبوونەوە دەبنەوە بۆیە دەبێت لەو كاتانەدا قەترەی چاو بەكاربهێنرێت بۆ روودانی گریانی دەستكرد كەبەبێ رەچەتەی پزیشكی لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێت و چاو لە وشكبونەوە دەپارێزێت و پاكی دەكاتەوە .
چاوتروكانی زیاتر بۆ چالاكبوونی چاوەكان : هەركاتێك كۆمپیوتەر زیاتر بەكاربهێنرێت ئەوا پێویستە چاوەكان زیاتر بتروكێنرێت ئەویش لەپێناو چالاكبوونی زیاتری چاوەكان و هێشتنەوەی بەتەڕی و روونەدانی وشكبوونەوەی چاوەكان .
ئامێرە ئەلكترۆنییەكان : پزیشكان رێنمایی ئەوە دەكەن لەكاتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنیەكاندا وەك كۆمپیوتەرو هاوشێوەكانی، بۆماوەی پێنج بۆ 15 چركە چاو لەسەر شاشەی ئەو ئامێرانە لابەرین و بەسەیركردنی شوێنێكی دیاریكراو و دورتر لە ئامێرەكە بڕوانین .
خۆراك : خواردنی خۆراكەكانی وەك سپێناغ و ماسی و هێلكەو چەرەسات و پرتەقاڵ لە ژەمە سەرەكییەكانی رۆژانەدا .
شوێن : پێویستە ئەو شوێنەی كە ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی تێدا بەكار دەهێنرێت رووناكیەكەی گونجاو بێت واتە رووناك بێت و تاریك نەبێت .