وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لێخۆشبوونی سزاکانی هاتووچۆ درێژناکرێتەوە و دوای مانگێک پارەکەی دەبێتە دوو هێندە
بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو داشکاندنی 20% ی سزای هاتووچۆ کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڕیاری لێدرا، وادەکەی درێژناکرێتەوە و هیچ بڕیارێک نییە لەو بارەیەوە”.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە نوسراوێکدا رۆژی 10 ی 9 ی 2023 بڵاویکردەوە، بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ی سزاکانی هاتووچۆیان دەرکردووە بۆ ماوەی شەش مانگ لە رێکەوتی 28 ی8 ی2023 تاوەکو 28 ی2 ی2024.
بە پێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، هەر کەسێک لەدوای ئەو وادەیە، پارەی سزاکانی هاتوچۆ بدات ئەوا بە گوێرەی بڕگەی 3ی بەشی 20ی یاسای ژمارە 86ی 2004ی پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بڕی پارەی سزاکەی دەبێتە دوو هێندە.