جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ، بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەشڵێت، ” بە درێژایی مانگەكانی رابردوو لە هەوڵدابووین بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق و لە ئێستاشدا بە هەموو تواناوە لە هەوڵەكان بەردەوامین و هیوادارین لە سەرەتای ساڵی نوێدا بە یەكجاری چارەسەری بكەین”.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو هاوڵاتییانی كوردستان دەكەم و هیوای ساڵێكی پڕ لە خۆشی و دەستكەوت بۆ هەموو لایەك دەخوازم و ساڵی 2023 لەگەڵ ئەوەی كە بە سەركەوتنی گەورەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتاییهات، بەڵام بەردەوامی كێشەی بودجە و مووچە بارگرانییەكی زۆری بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێم دروستكردبوو و بە درێژایی مانگەكانی رابردوو لە هەوڵدابووین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لە ئێستاشدا بە هەموو تواناوە لە هەوڵەكان بەردەوامین و هیوادارین لە سەرەتای ساڵی نوێدا بە یەكجاری چارەسەری بكەین”.
هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەكەمان و رەواندنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان پێویستیی بە هاوكاری و یەكڕیزی و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان هەیە و هیوادار و داواكاریشین لە ساڵی 2024 دا هەموو لایەكمان بە رۆحی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و هەروەها بە قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و پێكەوەكاركردن هەوڵبدەین بە رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆمان و بە یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتمانییەوە هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر وڵاتەكەمان دووربخەینەوە و زەمینەیەكی لەبار بۆ خزمەتكردنی زیاتر و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بڕەخسێنین.