وەزارەتی کارەبای عێراق وادەی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی گۆڕینی کارەبای بۆ پێوەری زیرەک راگەیاند.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “دوای رێنماییەکانی حکومەت و سەرۆک وەزیران لەسەر پێویستی گۆڕینی شێوازی پێدانی کارەبا بۆ پێوەری زیرەک وەک چۆن لە جیهاندا بەکاردەهێندرێت، وەزارەتەکەمان پێداچوونەوەی بە ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان کرد و بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا لە 10 ناوچەدا ئەو پێوەرانە دابندرێت و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە پێوەرەکاندا بکرێت، سەرەتا پێویستی بە دانانی پێوەرە زیرەکەکان و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی دابەشکردن و کەمکردنەوەی زیانەکان و زۆرترین سەرچاوەی کۆکردنەوە دەبێت”.
دەشڵێت، “لەو 10 ناوچەیەی هەڵبژێردراون، چوار ناوچەیان دەکەوێتە بەغداد و شەش ناوچەی دیکەشیان دەکەوێتە پارێزگاکانی دیکەوە و لە ساڵی داهاتوودا ئەو ناوچانە بە دیاریکراوی رادەگەیەندرێن”.
ئەو وتەبێژەی وەزارەتی کارەبا جەختلەوە دەکاتەوە، گۆڕینی پێوەری کارەبا چەند سودێکی گرنگی دەبێت بەتایبەتی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری و کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا و کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتییان”.