لەگەڵ خراپتربوونی ململانێکانی سودان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە بۆ چارەسەری دۆخی تەندروستی و مرۆیی ئەو وڵاتە دەکات.
تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەریی گشتیی ێکخراوەکە لە پلاتفۆرمی “X” رایگەیاند، پێویستە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی پەرەسەندنی ململانێکان لە سودان، کە قەیرانە مرۆیی و تەندروستییەکان بەرەو خراپتر دەڕۆن، لەگەڵ ئاوارەبوونی هەزاران کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن”.
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە سودان شاهیدی شەڕێکی خوێناوی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە،بۆ دەربازبوون لە شەڕی خەرتوم، زیاتر لە نیو ملیۆن سودانی پەنایان بۆ ویلایەتی جەزیرە برد، بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێشڕەوییان کرد بۆ ئەم ویلایەتە و لە 15ی ئەم مانگەدا هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی واد مەدانی و زیاتر لە 300 هەزار کەسیان ناچار بە هەڵاتن کرد.
تیدرۆس ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی لە هاوکارییە تەندروستییەکانیان بەردەوامن، بەتایبەتی لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی بەدخۆراکی، هاوکات داوای زیادکردنی پشتیوانی دارایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکانی، چونکە بە وتەی ئەو 70%ی دامەزراوە تەندروستییەکان بەهۆی ململانێکانەوە خزمەتگوزارییەکانیان راگرتووە.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای شەڕ و ململانێکانەوە،لانیکەم 7.1 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.
بەپێی خەمڵاندنێکی رێکخراوی ناحکومی “ACLID” زیاتر لە 12 هەزار کەس لە شەڕەکەدا کوژراون.